×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ئەمریکا لە بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە کشایەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات

2020-05-21
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: Getty Images
ئێستا - Reuters
ئێستا
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند ڕووسیا پابەندی بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە نەبووە و تاوەکو ئەوکاتەی پابەند دەبنەوە، وڵاتەکەی لە بەڵێننامەکە دەکشێتەوە. بەرپرسانی وڵاتەکەش ئاماژەیان بەوە کرد کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەتەواوی لە ڕێککەوتنەکە دەکشێنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پێم وایە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە. بەڵام پابەندی بەڵێننامەکە نین، لەبەر ئەوە تاوەکو پابەند دەبنەوە، ئێمە لە ڕێککەوتنەکە دێینە دەرەوە".

وتیشی، "دەرفەتی زۆر باش هەبوو کە ڕێککەوتنێکی نوێ بکەین، یان شتێک بکەین ڕێککەوتنەکە بگەڕێنینەوە".

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئەلێکساندەر گروشکۆ بە ئاژانسی نۆڤۆستی RIAی ڕووسی وت، "مۆسکۆ پێشیلی ڕێککەوتنەکەی نەکردووە و هیچ شتێکیش ڕێگر نییە لەسەر بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە تەکنیکییانەی واشنتن بە پێشێلکردنی دادەنێت".

بەرپرسێک وتی، "بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە ماوەی شەش مانگ بە ڕیککەوتنەکەدا چوونەتەوە و هەندێک پرس هەبووە، ڕووسیا ڕەتی کردووەتەوە پابەندی بەڵیننامەکە ببێت تێیدا، لەبەر ئەوە ڕوون بووەوە کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە لە بەڵێننامەکەدا بمێنێتەوە".

هەندێکی بەرپرسی باڵای دیکەش وتیان، "کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە، لە ماوەی شەش مانگەدا ئەنجام دەدرێت، ئەویش بەپێی مەرجەکانی کشانەوە لە بەڵێننامەکە".

وتەبێژی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ستیڤان دۆجاریک نیگەرانی لەسەر کشانەوەی ئەمریکا دەربڕی و وتی، "هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنێکی وەک بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی پێشبڕكێیەکی نوێی پیشەسازیی چەک".

ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا لە ڕێککەوتنی مووشەکی بالیستیی ناووکیش لەگەڵ ڕووسیا کشایەوە. هاوپەیمانیی ناتۆ و وڵاتانی دیکەی وەک ئۆکرانیاش، فشاریان خستبووە سەر واشنتن لە بەڵێننامەکە نەیەتە دەرەوە، ڕەنگە بڕیارەکەی ترەمپ گرژی لەنێوانیاندا دروستبکات.


ڕۆژی 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2002 بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە بە بەشداریی 35 وڵاتی جیهانی، لەوانەش ئەمریکا و کەنەدا و ڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپا و تورکیا واژۆکرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە وڵاتانی بەشدار ڕێگە دەدەنە بە وڵاتە بەشدارەکانی دیکە ئازادانە فڕۆکەی چاودێریی ناچەکدار بەسەر خاکیاندا بگەڕێت، بەشێوەیەک زانیاریی ڕاستەوخۆ لەسەر هێز و چالاکیی سەربازییان دەستبکەوێت.



‌ئێستا