×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کۆمپانیای شێڵ ئۆیڵ: 60 کارمەندمان بە هۆکاری ئەمنی عێراقیان بەجێهێشتووە

2020-05-21
کارمەندێکی کۆمپانیای شێڵ ئۆیڵ لە عێراق
فۆتۆ: ماڵپەڕی فەرمیی شێڵ ئۆیڵ
ئێستا - Reuters
ئێستا
کۆمپانیای شێڵ ئۆیڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند بەهۆی خۆپیشاندانی کرێکارانی کۆمپانیای گازی بەسرە کە لەسەر دواکەوتنی مووچەکانیان ئەنجامیان دابوو، ژمارەیەک لە کارمەندانی بیانیی کۆمپانیا عێراقییەکەیان بەجێهیشتووە. "بەڵام ئەمەش کار ناکاتە سەر بەرهەمهێنان".

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی دواکەوتنی مووچەی کرێکارانی کۆمپانیای گازی بەسرە، کە پرۆژەیەکی هاوبەشی کۆمپانیاکانی گازی باشووری حکوومی، شێڵ ئۆیڵ و میتسوبیشییە، 60 کارمەندی بیانیی لە عێراق چوونەتە دەرەوە.

شێڵ ئۆیڵ لە لێدوانێکدا کە بە ئیمەیڵ بۆ ئاژانسەکەی ناردووە، نووسی، "شێڵ پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەهۆی شکاندنی سنووری ئەمنیی کەمپی نیشتەجێبوونی کارمەندانی کۆمپانیای گازی بەسرە، کارمەندانی یەدەگی کۆمپانیاکەمان گواستووەتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد کە ستاف و گرێبەستکاری کۆمپانیاکە سەلامەتن و بەرهەمهێنانی کۆمپانیای گازی بەسرەش کاریگەر نەبووە بەو جێگۆڕکێیەی کارمەندەکان.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا "ئەو ئەندامانەی دەستەی کارکردنەکە، کە بە هۆکاری ئەمنی گواستراونەتەوە، بە ئۆنلاین کار دەکەن و هیچ کاریگەرییەکی نزیکمەودای لەسەر بەرهەمهێنان نابێت، کە لە ئێستادا ڕۆژانە 900 ملیۆن پێ سێجای ستاندارد گاز بەرهەمدەهێنن".

بەرپرسێکی کۆمپانیا عێراقییەکەش وتی، "گواستنەوەی کارمەندەکانی شێڵ ئۆیڵ بۆ دەرەوەی عێڕاق، گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی و کاتییە، کارمەندەکان ڕێنمایی پێویست وەردەگرن و دوور لە کۆمپانیاکە کارەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن".



‌ئێستا