×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

نرخی نەوتی ئۆپێک بۆ سەروو 28 دۆلار بەرزبووەوە

2020-05-20
OPEC OIL
فۆتۆ: twitter
ئێستا
ئێستا
نرخی نەوتی ئۆپێک، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بازاڕە جیهانییەکاندا 28 دۆلار تێپەڕاند. دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک نرخەکەی لە 20 دۆلار کەمتر بوو. وەزیری پلاندانانی عێراقیش، خالد بەتال ڕایگەیاند ڕەنگە حکوومەت مووچەی تەواوی مانگەکانی داهاتووی پێنەدرێت.

بەپێی ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایس، نرخی یەک بەرمیل نەوتی ئۆپێك، کە لە هەندێک جۆری نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک پێکدێت، گەیشتە 28.21 دۆلار.

عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک، لەم دواییانە یەکێک بوو لە قوربانییە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخی نەوت. بەوپێیەی زیاتر لە سەدا 90ی داهاتی وڵاتەکە، لەسەر نەوت بەندە. بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی ئۆپێک، وا دەکات ئەو بەشە نەوتەی کە بەغداد لەڕێی سەبەتەی ئۆپێکەوە دەیفرۆشێت، بەهاکەی زیادبکات.

دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستانیش دروستکردبوو، چونکە نرخەکەی ئەوەندە کەمبووبووەوە، بەغداد بێنیازی لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم پیشاندەدا، تاوەکو لەبەرانبەردا بودجەکەی بنێرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، گەورەترین کێشەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پرسی مووچەی فەرمانبەرانە، وەزیری پلاندانانی عێراق، خالد بەتال لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئاشکرای کرد، "ڕەنگە حکوومەت لە مانگی داهاتوودا نەتوانێت مووچە و دەرماڵەی تەواوی فەرمانبەران بدات".

لە هەرێمی کوردستانیش، بەهۆی قەیرانی دارایی، دابەزینی نرخی نەوت، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداد، حکوومەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران خەرجبکات.



‌ئێستا