×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

پووتین: توێژینەوەی جێنێتێکی هاوشێوەی پرۆژە ناووکی و فەزاییەکانی سەدەی بیستن

2020-05-14
ڤلادیمێر پووتین و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گرێف
فۆتۆ: Tass Agency
ئێستا - Tass
ئێستا
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پووتین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند توێژینەوە جێنێتیکییەکان لە گرنگیدا هاوشێوەی پرۆژە ناووکی و فەزاییەکانی سەدەی بیستن. گرنگییەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مەودای ئەرکەکانیان لە ئێستادا فراوانە و گرنگن بۆ بەرەوپێشچوونی وڵات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تاس، ڤلادیمێر پووتین لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تەکنەلۆجیا جێنێتیکییە پێشکەوتووەکان وتی، "باوەڕم وایە پرۆگرامی تەکنەلۆجیا جێنێتیکییە پێشکەوتووەکان هاوشێوەی پرۆژە ناووکی و فەزاییەکانی سەدەی بیستن، هۆکارەکەشی مەودای ئەرکی ئەم پرۆژانە و گرنگییانە بۆ بەرەوپێچوونی وڵاتان".

پووتین سەبارەت بە گرنگیی توێژینەوە جێنیتیکییەکان وتی، "سەرلەبەری سیستمی بەڕێوەبردن و بونیاتی پرۆگرامەکە دەبێت لە ئاستێکی بەرزدا بێت و بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە نەک تەنها کارێکی زانستی پەتی بێت، بەڵکو بتوانرێت ئەنجامی کردەیی هەبێت و بکرێت بە تەکنەلۆجیای واقیعی و پێشبڕكی دروستبکات هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی ڕووسیا و هەم لەسەر ئاستی جیهانیش".

پووتین ئاشکراشی کرد کە بۆ ئەم مەبەستە سێ سەنتەری جینۆمی، کە لە ئاستە جیهانییەکاندا کار دەکەن، دەخرێنە ژێر چەتری پرۆژەی زانستی نیشتمانی (Science national project).

بە وتەی پووتین، هەر یەکەیان دەبێتە کۆمەڵەیەک لە دەزگای توێژینەوە، زانکۆ، کۆمپانیای بەرهەمهێنان و داهێنان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، کرملن داوای لە بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕووسنەفت، ئیگۆر سێشین کردووە ڕاپۆرت لەسەر پرۆژەکانی تەکنەلۆجیای جێنێتیکی پێشکەوتوو بخاتەڕوو، بەوپێیەی کۆمپانیاکە هاوبەشی سەرەکی بواری تەکنەلۆجایە.

سەرۆکی ڕووسیا وتیشی، "داوام لە سەرۆکی کۆمپانیاکانی دیکەش کردووە بەشداربن لەم کارە و سەرچاوە داراییەکانیان لەم بوارەدا بخەنەگەڕ، بەوپێیەی بواری کلیلین لە پێشکەوتن".



‌ئێستا