تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

باخ: لە یەک حاڵەتدا ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ هەڵدەوەشێتەوە

21/05/2020
تۆماس باخ، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی جیهانی ڕوونکردنەوە لەبارەی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ دەدات
فۆتۆ: Reuters
ئێستا سپۆرت

سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، تۆماس باخ ئەو هۆکارە ئاشکرادەکات کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ ٢٠٢٠.

تۆماس باخی ئەڵمانی لەچاوپێکەوتنێکدا پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ لە مانگی تەموزی ٢٠٢١ دەربڕیوە، بەڵام لەهەمان کاتدا نەیشاردووەتەوە مەترسی دواخستنی پاڵەوانێتییەکەش لەئارادایە.

باخ بە تۆڕی "بی بی سی" بەریتانی ڕاگەیاندووە، " لەو بارودۆخە تێدەگەم کە وڵاتی ژاپۆنی ڕێکخەری تێکەوتووە، ناکرێت لەڕووی دارایی و مرۆییەوە بۆ ماوەی دوو وەرز زیاتر لە دوو تا سێ هەزار کارمەند لەلیژنەکانی ڕێکخستنی ئۆڵۆمپیاد بۆ هەمیشە دابمەزرێنیت".

هەروەها دەڵێت، " جەخت لە ئەنجامدانی ئۆڵۆمپیاد دەکەینەوە لە هاوینی ٢٠٢١، لەهەمان کاتدا ئۆڵۆمپیاد هەڵگری ناوی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ دەبێت و دەشبێت مەترسییەکان لەبەرچاوبگرین".

سەرۆکە ئەڵمانییەکە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و ڕایدەگەیەنێت، " پێویستە یاریزانانی ناوچەی ئۆڵۆمپی و سەرجەم پێگەکان بخەینە کەرەنتینەوە و لەڕووی تەندروستییەوە یاریزانان بپارێزین، دەبێت ئامادەکاری تەواو بۆ هاوینی ٢٠٢١ بکەین".

باخ لەکۆتایی وەڵامەکانیدا دووپاتیدەکاتەوە، ئۆڵۆمپیاد بەبێ هاندەر لەیاریگای داخراودا ئەنجام نادرێت و تەنها لە حاڵەتی کۆنتڕۆڵنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاتر تەشەنەسەندنیدا، ناچاردەبن پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاڵەوانێتییە مێژووییەکە بدەن.

ئەم وەڵامەشی بۆ هەڵوێستی ژاپۆنییەکان بووە، کە ئاماژەیان کردووە ئەگەر ئۆڵۆمپیاد لە هاوینی ٢٠٢١ ئەنجامنەدرێت توانای ڕێکسختنی پاڵەوانێتییەکە لە ٢٠٢٢ لەدەستدەدەن.