تۆڕی میدیایی ئێستا

کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

زۆرکردن نییە.. کانتی لەترسی کۆرۆنا لە مەشقەکانی چێڵسی کشایەوە

21/05/2020
فۆتۆ: the gardian
ئێستا سپۆرت

ئینگولو کانتی ئەستێرەی فەرەنسی یانەی چێڵسی، بەفەرمی لە مەشقە ئامادەکارییەکانی یانەکەی کشایەوە و فرانک لامپاردی ڕاهێنەرییش پاڵپشتی دەکات.

کانتی یەکێکە لە یاریزانە هەست ناسکەکانی بلوزی لەندەن، لەتەمەنی (١١) ساڵییەوە باوکی لەدەستداوە و لە هاوینی ٢٠١٨ و ڕاستەوخۆ دوای چنینەوەی نازناوی مۆندیالی ڕوسیا، برا گەورەکەی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی سپارد.

یاریزانە ڕەش ئەسمەرەکەی فەرەنسا لەشاری لەندەن لەگەڵ برایەکی ژیان دەگوزەرێنێت، بەوەش ناسراوە لە بارودۆخە هەستیارەکاندا ڕووبەڕوی شۆکی دەرونی و "پانیک ئەتاک" دەبێتەوە.

لەئێستادا یاریزانانی چێڵسی گەڕاونەتەوە سەر یەکەی مەشقوڕاهێنانەکان و کانتی وەک یەکێک لە پڕۆفیشناڵترین یاریزانان ڕۆژی سێ شەیمەی ڕابردوو گەڕایەوە و دەستی بە ڕاهێنان کردەوە.

یاریزانە فەرەنسییەکە دوێنێ چوارشەممە هەستی بە مەترسی کردووە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو هۆیەوە داوای لە یانەکەی کردووە ڕێگەی پێبدەن بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەیی و بەشێوەی داخراو ڕاهێنانەکانی ئەنجامبدات.

ئیدارەی یانەی چێڵسی ڕێزی بۆچوونی ناوەندسازە فەرەنسییەکەیان گرتووە و ڕێگەیان پێداوە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی مەشقوڕاهێنان بکات.

فرانک لامپاردی ڕاهێنەری یانە بەهەمان شێوە پاڵپشتی بڕیارەکەی کردووە و ڕێگەی بە ئینگولۆ داوە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی ڕاهێنان بکات.

ئەم بڕیارەی چێڵسی دەچێتە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆلە داڕێژراوەکانەوە، کە بۆ گەڕانەوە نێو یاریگاکان نابێت هیچ یانەیەک فشار لە یاریزانانی بکات.