×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

کازمی و پۆمپەیۆ 'گفتوگۆی ستراتیجی' نێوان واشنتن و بەغدادیان تاوتوێکرد

2020-05-22
مایک پۆمپەیۆ و مستەفا کازمی
فۆتۆ: REUTERS
ئێستا - عێراق
ئێستا
سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی، ئەمڕۆ هەینی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپەیۆ ئەنجامدا و لە میانیدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵاتەکە کرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پۆمپەیۆ ئەنجامداوە و لە میانیدا هەردوولا تاوتوێی دۆسیەکانی هەماهەنگیی ئابووری و سیاسی و ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.

ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە کازمی و پۆمپەیۆ گفتوگۆیان لەسەر قەیرانی ئابووریی جیهانی و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی نەوت کردووە، هەروەها باسیشیان لە ڕەنگدانەوەی قەیرانەکان لەسەر ئابووریی عێراق و چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی کردووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان واشنتن و بەغداد کردووە.


چاوەڕوان دەکرێت واشنتن و بەغداد گەڕێکی نوێی "گفتوگۆی ستراتیجی" لەبارەی چارەنووسی ڕێککەوتنی ستراتیجیی نێوانیان کە لە ساڵی 2008 واژۆ کرا، دەستپێبکەن.

هەروەها چاوەڕوانیش دەکرێت هەردوو حکوومەتی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەکاتێکدا ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق فشار دەکەن بۆ چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا.



‌ئێستا