×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مەترسییەکانی ئاماژەدانی ئەخلاقی لە عێراق: لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازی

2020-05-22
ئاڵای عێراق لەبەرانبەر ئاڵای هاوڕەگەزخوازان
فۆتۆ: 1001 Iraqi Thoughts
ئێستا - 1001 Iraqi Thoughts
ئێستا
ڕۆژی 20ی ئایار، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی کوژرانی گەنجێک لە ڕۆژهەڵاتی بەغداد بڵاوبووەوە، کە لە تەنیشتیدا و لە پەیامێکی بەجێهێڵدراودا نووسرابوو، "بۆ هەموو خێزانە عێراقییە بەڕێزەکان: ئاگاداری منداڵەکانتان بن، تاوەکو لە کاری هاوڕەگەزخوازان تێوەنەگلێن، با ئەمەش هۆشدارییەک بێت بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان لەو چالاکییانە ناگرنەوە".

ئەو نیگەرانییانەی لەسەر ڕووداوەکە دروست دەبێت، ئەوەیە ڕەنگە ئەمە سەرەتای کەمپینێکی فراوانتر بێت لە دژی هاوڕەگەخوازە عێراقییەکان، چونکە لە کۆتایی هەفتەیەکدا ڕوویدا کە گوتارێکی دژەهاوڕەگەزخواز باڵی بەسەردا وڵاتدا کێشابوو، دوای ئەوەی دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی فۆبیای هاوڕەگەزخواز و ترانسفۆبیا، ئاڵای LGBTیان لە بەغداد هەڵکرد. بڕیاری گەمژانەی هەڵکردنی ئاڵاکە لە وڵاتێکی کۆنسێرڤاتیڤی وەک عێراق -ئەگەرچی ڕەنگە بەمەبەستەوە کرابێت- گڕی بەردایە گوتارە توندوتیژئامێزەکە، کە ڕەنگە تەواو پێچەوانەی ئەوە بێت دیپلۆماتکارەکان هیوایان دەخواست بیهێننەدی.

هەڵکردنی ئاڵاکە لەلایەن دیپلۆماتکارەکانەوە، بووە هۆی دروستبوونی پەرچەکرداری توند لای هەندێک سیاسەتوانی سیاسیی عێراقیش. سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر و هاوپەیمانیی بەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هادی عامری داوای دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی کرد. ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە، نووری مالیکی داوای هەمان شتی کرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، "دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان سنووری دیپلۆماسیی خۆیانیان بەزاندووە و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، بێڕێزییان بە کۆمەڵگەی عێراقی کردووە". سەرۆکی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سائیروونیش لە پەرلەمان، موقتەدا سەدر بە سەرکۆنەکردنیان و وەسفکردنیان بە "نەخۆشی دەروونی" چووە ڕیزی دوو سەرکردەکەی دیکەوە. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشیر حەداد، کە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، وتی، "ڕێگە نادەین بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکان لەسەر خاکی عێراق"، داواشی لە وەزارەتی دەرەوە کرد ڕێکاری پێویست لەبەرانبەر ئەم کارە بگرێتەبەر. بەپێی ئەم هەڵوێستانەی وەرگیراون، کەمترین شت بتوانین لەبارەی بڕیاری دیپلۆماتکارەکانەوە بیڵێین ئەوەیە ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە.

سەختە بەلامەوە کاری دیپلۆماتکارەکان وەک جەختکردنەوە دابنێم لە ئەخلاقێکی نەزۆک [کە لە خاکی ئێستای عێراقدا گەشەناکات]. ئەگەر نا، ئەی بۆچی لەو هەموو وڵاتە عەرەبی و موسڵمانانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تێیدا هاوڕەگەزخوازەکان دەرد و مەینەتی ڕاوەدوونان و کوشتن دەچێژن، بڕیارێکی لەو شێوەیە نادەن و ئاڵاکە هەڵناکەن؟ بۆچی ئاڵاکەیان لە سعودیە هەڵنەکرد؟ نازانن سعودییەکان پێویستیان بە یارمەتییە لەم پرسەدا یان پێیان وایە هاوڕەگەزخوازە سعودییەکان شایەنی ئەم مافە نین کە عێراقییەکان شایەنینی؟ پێم وایە دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان باش زانیوویانە هەڵکردنی ئاڵاکە لە سعودیە لە ڕووی سیاسییەوە لەسەریان دەکەوت و بگرە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیشیان دەکەوتە مەترسییەوە.

هەڵسانی شەپۆلێکی ڕقی دژبە هاوڕەگەزخوازان، تاکە لێکەوتەی هەڵکردنی ئاڵاکە نەبوو، بەڵکو زیانی بە بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیاند. لەو کاتەوەی خۆپیشاندانەکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019ـەوە سەریان هەڵداوە، سیاسەتوانە ئیسلامیستە عیراقییەکان دەیانویست بەرگی بیانی و پیلانگێڕی و دەسیسەی ڕۆژاوا بکەن بە بەری خۆپیشاندانەکان، کە گوایە لە کرۆکی بەها کۆمەڵایەتییە عێراقییەکان دەدەن. ئەوەی دیپلۆماتکارەکان کردیان، ئەو سیاسەتوانە عێراقییانەی چەندین ساڵە لە دەسەڵاتدان و شکستیان هێنابوو جەماوەریان قایلبکەن، گیڤکردەوە و ڕێگەی ئەوەی بۆ خۆشكردن، ئەمانیش جەخت لەسەر تێڕوانینی ئەخلاقیی خۆیان بکەنەوە.

دیپلۆماتکارە ڕۆژاواییەکان نابێت هەندێک لەو بۆچوونانە بەزۆر بخزێننە ناو کۆمەڵگەی عێراقی، کە کۆمەڵگە ئەورووپییەکان دەیان و سەدان ساڵیان ویستووە تاوەکو قبوڵی بکەن، کەچی چاوەڕوانیش بن عێراقییەکان بەبێ نارەزایی وەریانبگرن. کۆمەڵگەی عێراق کۆنسێرڤاتیڤە و ناواقیعبینانەیە پێت وابێت عێراقییەکان لەم کلتوور و مێژووەی ئێستایدا، هاوڕەگەزخوازیی کراوە دەگرنەخۆ. ئیسلام، هاوشێوەی ئایینە ئیبراهیمییەکانی دیکە، پەیوەندیی سێکسیی نێوان هاوڕەگەزەکانی حەرام کردووە، حکوومەتی عێراقیش، هەر لە سەربەخۆبوونیەوە لە ساڵی 1932 و بگرە پێشتریش لەژێر ئینتیدابی بەریتانیدا ئەم پەیوەندییەی قەدەغە کردووە و قەدەغە بووە. 19 ساڵ لەمەوپێش، "لەوات – هاوڕەگەزخواز" لەژێر حوکمی ڕژێمی سەدام حسێندا، بەپێی بڕیارێکی مەجلیسی قیادەی سەورە، بە کوشتن حوکمدەدرا. لەبەر ئەوە ناواقیعییە پێت وابێت هەڵکردنی ئاڵایەک لە عێراق یان بڵاوکردنەوەی تویتێکی هاوڕەگەزخوازانە، وا دەکات عێراقییەکان نەرمتر بن بەرانبەر هاوڕەگەزخوازیی کراوە و لەگەڵیدا هەڵبکەن.

ئەگەرچی ڕاستە ئەمریکا لە ساڵی 2003 عێراقی بۆمبارانی دیموکراسی کرد، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت شتێکی باشە لاسایی ئەم ئایدیا پێشوەختەیە[ی ڕۆژاوا] بکرێتەوە، تەنانەت گەر حوکم لەسەر ڕێڕەوی پڕململانێی پرۆسەی دیموکراسی بدەین، ناتوانین بڵێین پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بووە. ئەگەر عێراقییەکان ئارەزووی ئازادیی سێکسیی زیاتر و مافە مەدەنییەکانی دیکە دەکەن، دەتوانن خۆیان بەدەستیان بهێنن، دوایین خۆپیشاندانیش کە دامودەزگای سیاسی خستە لەرزە، بەڵگەن لەسەر گۆڕانی ئەقڵیەتی عێراقی، بەتایبەتیش لە لەنێو گەنجان. عێراقییەکان ناترسن لەوەی هی خۆیانە، تەنانەت لەڕووی گوللە و گازی فرمێسکڕژ و سەرکوتکردنیش دەوەستنەوە بۆ بەدەستهێنانی.

ئەگەر دیپلۆماتکارە ئەورووپی و بیانییەکانی دیکە، دەیانەوێت یارمەتی کەسانی هاوڕەگەزخواز بدەن لە عێراق ، ئەوا دەبێت قسە لەگەڵ سیاسەتوان و یاسادانەران بکەن و داوایان لێبکەن ئەم کەسانە لە توندوتیژی جەستەیی بپارێزن، ئەویش لەڕێی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرانبەر ئەنجامدەدەن. هاوڕەگەزخوازە عێراقییەکان، هاوشێوە هەموو عێراقییەکی دیکە، مافی یەکسانیی پاراستنیان لە توندوتیژی هەیە. دیپلۆماتکارەکان دەبێت داوا لە سەرکردە عێراقییەکان بکەن ئەو میدیایانە دابخەن کە توندوتیژی بڵاودەکەنەوە و لەودیو سنوورەکانی ئازادی ڕادەربڕینەوەن. هەڵبەت ئەم هەنگاوانە کاتی بەنرخی دیپلۆماتکارە ڕۆژاواییەکان و سەرمایەی سیاسییان بەخەرجدەدات لەو کۆبوونەوە تایبەتانە. ڕەنگە بەلایانەوە ئاسانتر بێت تەنها پابەندی هەڵوێستوەرگرتنی سیاسیی بن و خۆیان بەگرنگتر بزانن، هەڵوێستوەرگرتنێکی ناتوندوتیژ و بێباج. بەڵام ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پیشانی داین، نیشانەی ئەوەیە ئەم هەڵوێستوەرگرتنانە باجی خۆی هەیە و باجەکەشی ژیانی خەڵکە.



‌ئێستا