×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

وەزارەتی کشتوکاڵ: دەرگای عەلوەکان تەنها یەکەم ڕۆژی جەژن دادەخرێن

2020-05-22
عەلوەی سلێمانی
فۆتۆ: ئێستا
ئێستا
ئێستا
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند تەنها یەکەم ڕۆژی جەژن دەرگای عەلوەکان داخراو دەبێت و ڕۆژەکانی دیکە دەکرێنەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کرانەوەی دەرگای عەلوەکان لە جەژندا بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە عەلوەکان لە یەکەم ڕۆژدا دادەخرێن و لە ڕۆژانی دووەم و سێیەمدا دەکرێنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بە لەبەرچاوگرتنی وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، دوای گفتوگۆکردنی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد تایبەت بە کردنەوەی دەرگای عەلوەکان لە ڕۆژانی جەژنی جەژنی ڕەمەزان، تەنها یەکەم ڕۆژ داخراو دەبێت .

ڕوونیشکراوەتەوە کە لە ڕۆژانی دووەم و سێیەمدا، عەلوەکان کراوە دەبن، " بە سوپاسەوە تەنھا ڕۆژی یەکەمی جەژن دەرگای عەلوەکان داخراو دەبێت، بە پێچەوانەوە ڕۆژی دووەم و سێیەمی جەژن سەرجەم عەلوەکان کراوە دەبن".

ڕۆژی 18ی ئایار، وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکردبوو و بەپێی بڕیارەکە لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر هاتوچۆ لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت.

ڕاشیگەیاندبوو، "ڕاگرتنی هاتوچۆ بە شێوەیەکی تەواو لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە هەروەها لە ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر جێبەجێ دەکرێت".


وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە، " لە رۆژانی جەژندا سەرجەم مارکێت، نانەواخانە و ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان ڕێگەیان پێدرابوو، دادەخرێن".



‌ئێستا