×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

ڕاوێژکاری کازمی: حکوومەتی عێراق قەرزی کردووە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران

2020-05-22
ژماردنی مووچەی فەرمانبەران
فۆتۆ: Google
ئێستا - واع
ئێستا
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەزهەر محەممەد ساڵح، دوێنێ پێنجشەممە، ئاشکرای کرد حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئایار، قەرزی لە سێ بانکی حکوومی کردووە و کێشە لە دابینکردنی مووچەی مانگی حوزەیران هەیە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، محەممەد مەزهەر لە لێدوانێکی تایبەتدا وتی، "کۆی داهاتەکانی مانگی ئایار دوو ترلیۆن دینار کەمتر بووە، لە کاتێکدا بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت، جگە لە خەرجییەکانی دیکەی دەوڵەت، پێنج ترلیۆن دینار پێویستە".

هۆکاری کورتهێنانەکەش بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "داهاتە نانەوتییەکان زۆر کەمن و مانگانە دەگەنە 100 ملیار دینار".

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران "قەرزی لە سێ بانکی حکوومی کردووە، میکانیزمێکی دیاریکراویش هەیە کە تەنها مووچەی فەرمانبەران فەراهەم دەکات".

ڕاوێژکارەکەی مستەفا کازمی باسی لەوە کرد کێشەیەکی گەورە لە دابینکردنی مووچەی مانگی حوزەیران هەیە، بەتایبەتی کە داهاتی نەوتیش زۆر لاوازە، بەڵام جەختیشی کردەوە "دەستەی کاری دارایی، کار لەسەر دابینکردنی دەکەن".

محەممەد مەزهەر ڕاشیگەیاند چاکسازییەکی دارایی هەیە کە تێیدا پێداچوونەوە بە مووچەی پلەباڵاکان دەکرێت و هەوڵدەدرێت فەرمانبەرە بچووکەکان بپارێزرێت، بگرە مووچەکانیشیان زیادبکرێت. "هەڵبەت مووچەی مانگی حوزەیرانیش بە ڕەچاوکردنی ئەو چاکسازییە داراییە دابەشدەکرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، "حکوومەت لە ئێستادا بودجەی پارەخەرجکردنی مانگانە جێبەجێدەکات نەوەک تایبەتکردنی بڕە پارەیەک بۆ هەر مانگێک".



‌ئێستا