توێژینەوەیەکی نوێ: ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، دەستکردە!

22/05/2020
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەر وەرگری (ACE2)ی خانەکانی جەستە
فۆتۆ: گووگڵ
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی لە ئوسترالیاوە دەریخستووە، لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا چەند تایبەتمەندییەک هەن ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگەیەکی چینیدا دەستکاری کراوە و لە ئەنجامی ڕووداوێکی سروشتیدا بۆ مرۆڤ نەگوێزراوەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەی "واشنتن تایمز"ی ئەمریکی.

توێژینەوەکە لەلایەن پێنج توێژەری پسپۆڕەوە ئەنجامدراوە و تێیدا سەرنجیانداوەتە سەر توانای سەرسوڕهێنەری ئەم ڤایرۆسە بۆ گواستنەوە لەنێوان مرۆڤەکاندا.

توێژەرەکان وتوویانە تاوەکو ئیستا هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە دەریبخات ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵدا هەبێ، نە شەمشەمەکوێرە و نە هیچ ئاژەڵێکی کێوی کە لە بازاڕەکانی ووهان بۆ خواردن دەفرۆشرێن.

نیکۆڵای پێترۆڤیسکی، ئەنجامدەری سەرەکیی توێژینەوەکە، دەڵێ کە تیمە توێژەرەکەی ئەو گومانیان هەیە مرۆڤ لە تاقیگەدا وەها دەستکاریی ئەم ڤایرۆسەی کردبێت کە توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەبێت لە گوستنەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ و خێرا نەخۆشخستنی خانەکانی لەشی مرۆڤ.

لە ڕاگەیەنراوێكدا دوای توێژینەوەکە، پێترۆڤیسکی وتی توانای ئەم ڤایرۆسە لە پەیوەستبوونی بە خانەکانی لەشی مرۆڤەوە، زۆر زیاترە لەو توانایەی بەرامبەر خانەی ئاژەڵەکانی دیکە هەیەتی.

ئەو توێژەرە، کە هەمانکات پڕۆفیسۆرە لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی فلیندەرز لە ئوسترالیا، هەروەها دەڵێ "ڤایرۆسی هاوشێوەی ئەمە لە سروشتدا نەدۆزراوەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەری هەیە دەستکردی مرۆڤ بێت".

پێترۆڤێسکی دەڵێ زۆر ڕێیتێدەچێ ئەم ڤایرۆسە لە دامەزراوەیەکی ئاساییشی بایۆلۆجی لە شاری ووهانی چین دروستکرابێت، کە تێیدا کاریان کردووە لەسەر توانای دزەکردنی ئەم ڤایرۆسە بۆ ناو خانەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی وەرگری ئەنزیمی (ACE2) کە لەسەر خانەکانی سییەانی مرۆڤ و هندێک ئەندامی دیکەی جەستەدا هەن.

پڕۆفیسۆرە ئوسترالییەکە دەڵی ڕەنگە سەرەتا کارمەندێكی تاقیگەکەی ووهان تووشی ئەم ڤایرۆسە بووبێت و دواتر سەردانی بازاڕی ئاژەڵەکانی ووهانی کردبێ و لەوێ و لەوەوە نەخۆشییەکە بڵاوبووبێتەوە!

پێترۆڤیسکی دەڵێ ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کەرەستە بەکارهاتووەکانی تاقیگەی ووهان بە کەمتەرخەمی فڕێدرابن، دواتر پشیلە یان ئاژەڵێک بەرکەوتنی لەگەڵ ئەم زبڵ و خاشاکەی تاقیگەکە هەبووبێت و بووبێتە هەڵگری ڤایرۆسەکە و دواتر ئەویش بەرکەوتنی لەگەڵ مرۆڤ هەبووبێت و مرۆڤی تووشکردبێت و ئیدی لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە و بڵاوبووەتەوە.

بەڵام پێشووتر توێژەرانی دیکە وتوویانە ڤایرۆسەکە سروشتییە و سەرەتا لە ئاژەڵدا بووە و ئێستا بەهۆی بازدانی بۆماوەییەوە توانای پەیداکردووە بۆ تووشکردنی مرۆڤ، نەک ئەوەی دەستکردی مرۆڤ بووبێت.