دە حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە کوردستان تۆمارکران

21/05/2020
دیمەنێکی شەوانی سلێمانی دوای کۆتاییهاتنی قەدەغەی یەکەمی هاتوچۆ
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی دە حاڵەتێکی نوێی کۆرۆنا لە سنووری پاریزگاکانی سلێمانی و هەولێر ڕادەگەیەنێت، کە دووانیان بەرکەوتووی تووشبووە تۆمارکراوەکانی پێشوو نین.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوێی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەپێنجشەممە 21ی ئایار بڵاوکراوەتەوە و دیسکی تەندروستیی (تۆڕی میدیایی ئێستا) بەدواداچوونی بۆ کردووە، دە تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون، لە پارێزگای هەولێر (٥) پۆزەتیڤ: پیاوێکی تەمەن (85) ساڵ و (2) کوڕی گەنج تەمەنیان (16)، (12) ساڵ و ئافرەتێکی تەمەن (19) ساڵ و کچێکی گەنجی تەمەن (13) هەموویان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون و دانیشتووی کۆمەڵگەی شاوەیسن لە شاری هەولێر.

بەپێی هەمان ڕاگەیەنراو پێنج تووشبووەکەی دیکە لە پارێزگای سلێمانی کەسێیان ئافرەتن تەمەنیان (69)، (46)، (38) ساڵ و پیاوێكی تەمەن (44) ساڵ و کوڕێکی گەنجی (18) ساڵ، سێ لە تووشبووان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون و دوو تووشبووەکەی دیکە نیشانەی نەخۆشییان ھەیە و دەستنیشانکران، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، کە وەزارەتی تەندروستیش لەسەریان دەڕوات، خێزان و ئەو کەسانەی تێکەڵییان لەگەڵ تووشبووەکان هەبووە، پشکنینیان بۆ دەکرێت.

لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردووەوە نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە و دواتر بە وڵاتانی دیکەشدا بڵاوبووەوە و لە 11ی ئاداری ئەمساڵدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی وەکوو پەتایەکی جیهانیی ناساندی، لە مانگی شوباتەوە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە عێراق و سەرەتای مانگی ئاداریش گەیشتە هەرێمی کوردستان.