لە 24 کاتژمێردا لە عێراق شەش کەس بە کۆرۆنا مردوون

21/05/2020
وەزیری تەندروستیی عێراق لەگەڵ تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
فۆتۆ: پەیجی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرایدەکات 153 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون لە هەشت پارێزگای عێراقەوە و هەر لە 24 کاتژمێری ڕابردوو شەش حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە چوارشەممە 20ی ئایار بڵاوکراوەتەوە و دیسکی تەندروستیی (تۆڕی میدیایی ئێستا) بەدواداچوونی بۆ کردووە، پاش پشکنینی 6151 حاڵەتی گوماناوی لە سەرتاسەری عێراقەوە، 153 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون، لەگەڵ چاکبوونەوەی 45 کەسی تووشبوو.

وەزارەتەکە دەڵێت ڕۆژی ڕابردوو شەش حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون کەچواریان لە بەغدا، یەک لە زیقار و یەک لە موسەننا بوون.

وەکوو ئاماری گشتیش ئاماژە بەوە کراوە کە 3877 حاڵەت بەپێی پشکنینی سامپڵەکان لە تاقیگەی ناوەندیی بەغدا وەکوو تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون و ژمارەی مردووانیش 140 کەسە و 2483 کەسیش چاکبوونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ ڕێوشوێنی پێویست هەم بۆ تووشبووەکان و هەم بۆ ئەوانەی تێکەڵییان لەگەڵیان هەبووە گیراوەتەبەر بەپێی ڕێنماییە تەندروستییە جیهانییەکان.

لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردووەوە نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە و دواتر بە ولاتانی دیکەشدا بڵاوبووەوە و لە 11ی ئاداری ئەمساڵدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی وەکوو پەتایەکی جیهانیی ناساندی، تاکو ئێستا بووەتەهۆی نەخۆشکەوتنی 5,141,142 کەس و مردنی331,737 کەس، لە مانگی شوباتەوە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە عێراق و سەرەتای مانگی ئاداریش گەیشتە هەرێمی کوردستان.