ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە نزیکەی 130 هەزار کەس

21/05/2020
خانمێکی ئێرانی لە ترسی کۆرۆنا ماسکی بەستووە
فۆتۆ: گێتی
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هاوشێوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی نوێ تۆمارکراون، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمیی ڕاگەیەنراوی ئێران.

کیانووش جیهانپوور، سەرۆکی بازنەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایدەگەیەنێت لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 2392 حاڵەتی نوێی کۆرۆنای نوێ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانەوە تۆمارکراون و بەوەش کۆی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 129341 کەس، هەر لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 66 حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا تۆمارکراون و بەوەش کۆی ژمارەی مردووان بەو نەخۆشییە گەیشتە 7249 کەس.

بەپێی هەمان ڕاگەیەنراو لەوانەی نەخۆشییەکەیان هەیە 2655 کەسیان بە سەختی گرتوویانە و لەژێر چاودێریی ورددان.

هەروەک ئەوەش هاتووە لەوەتەی هاتنی نەخۆشییەکە بۆ ناو ئێران، لەو وڵاتە 100564 نەخۆشی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە و چوونەتەوە ماڵەوە.

ئەو ئامارانە لە کاتێکدان پیشووتر هەریەکە لە ناوەندی توێژینەوەی پەڕلەمانی ئێران و موحسین هاشمی سەرۆکی شارەوانی تاران هۆشدارییان داوە کە ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاترە کە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت! هەر لەم هەفتەیەشدا حەسەن ڕۆحانی وتی هیچ پارێزگایەکی ئێران نییە کۆرۆنای تێدا نەبێت.